KDP Logo

پارتی دیموکراتی کوردستان

لقی شەشی ئەورۆپا

پەیامی لقی ٦ی ئەوروپا بەبۆنەی ساڵیادی شۆرشی گوڵان

پەنجا ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا تێدەپەڕێت. ئەو شۆرشەی کە بۆ هەموو دونیای سەلماند کەوا ئیرادەی گەلی کوردستان بە هیچ پیلان و دوژمنکارییەك لەناو ناچێت، بەڵکو بەهێزی زیاترەوە جارێکی تر دێتەوە مەیدان و شەڕی ئیرادە و ئازادی و دوارۆژی کورد و کوردستان دەکات.

هەرچەندە شۆرشی گوڵان لە کات و ساتێکی دژوار و سەختدا بە سەرۆکایەتی شەهیدی جوانەمەرگ کاکە ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانیەوە هەڵگیرسا، وە دۆخی هەرێمی و جیهانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو دوا بە دوای رێکەوتننامەی شومی جەزائیر، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە قارەمانیەتی هێزەکانی پێشمەرگە و ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان، توانی بەسەر ئەو نائومێدیە زاڵ ببێت کە ئەو پیلانە نێودەوڵەتیە بەسەر گەلی کوردی داهێنا، وە جارێکی تر بۆ دوژمنانی گەلەکەمانی سەلماند، کەوا بە پیلان و زەبری هێزی سەربازی و بارودۆخە سەختەکان، گەلی کورد چۆک دانانێت و ناچەمێتەوە، بەڵکو قارەمانانەتر بەردەوام دەبێت لە بەرخودان و شکستهێنان بە خەونە نەزۆکەکانی دوژمنان و نەیارانی کوردستان.

ئەو هەموو دەسکەوتە گرینگ و مێژووییانەی کە ئەمڕۆ بەدەستهاتوون، بەرهەمی ئەو شۆڕشە و حیکمەی سیاسی سەرکردایەتی کوردستان و خوێنی ئاڵی پێشمەرگە قارەمانەکانمانن، کە توانیان تاجی گوڵینەی راپەڕینی مەزنی بەهاری ساڵی ١٩٩١ و هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمان و دامەزراندنی یەکەمین حکومەتی هەرێمی کوردستان وەك دیاری پێشکەش بە کوردستان بکەن، کە ئەوەش بووە هەوێنی جێگیرکردنی فیدراڵیەت لە دەستوری عیراقی فیدراڵ لە دوای رووخانی رژێمی بەعس. بۆیەش ئەمڕۆ ئەرکی هەموومانە وەك پێشـەرگە ماندوونەناسەکانی شۆرشی گوڵان و بە هەمان گیانی کوردایەتیەوە، بەرگری لەو دەسکەوتە مەزنانەمان بکەین و خەونی نەیار و دوژمنانمان هەتا هەتا بخەینە گڵەوە.

لەو یادەوەریە مەزنەدا، بەناوی لقی ٦ی ئەوروپا، پیرۆزباییەکی گەرم لە جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرکردایەتی پارتیمان و تەواوی پێشمەرگە سەربەرزەکانی ئەو شۆڕشە و گەلی کوردستان دەکەین.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و شۆرشی گوڵان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

بژی کورد، بژی کوردستان

لقی ٦ی ئەوروپا

٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦

ئەلبوم (1)
1.jpg
گەڕانەوە بۆ پەڕەی سەرەکی