ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٦/١، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کران و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھێزە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئارامی و سەروەریی وڵاتدا کردەوە.
ھەردوولا دەربارەی دۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە، ھەروەھا دیالۆگ و لێکگەیشتنی ھەولێر ـ بەغدایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، بە پێویست زانی.
دوایین پێشھاتە ھەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.
لە دیدارەکەدا بەڕێز یان برێم کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان، ئامادە بوو.
کوردی
العربية
English