سه‌رۆك كۆمار بروسكه‌یه‌كى هاوخه‌مى ئاراسته‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد

By  KDP6/Europe

31 ته‌مووز, 2010 [20:59]

image

جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌بروسكه‌یه‌كدا بۆ سه‌رۆك بارزانى به‌ بۆنه‌ى یادى (27 )ساڵه‌ى بێسه‌رو شوێنكردنى هه‌شت هه‌زار بارزانیه‌وه‌ هاوخه‌میى خۆى بۆ سه‌رۆك بارزانى و له‌ رێگه‌ى به‌رێزیشیانه‌وه‌ بۆ كه‌س و كارو بنه‌ماڵه‌ى ئه‌و هه‌شت هه‌زار بارزانیه‌ ده‌ربڕیوه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ ناوى په‌روه‌ردگارى به‌خشنده‌و ومیهره‌بانه‌وه‌ جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سڵاوێكى گه‌رم له‌یادى بیست وحه‌وته‌مین ساڵڕۆژى كاره‌سات و تراژیدیاى بێ سه‌رو شوێنكردن و شه‌هیدكردنى هه‌شت هه‌زار بارزانى له‌ ساڵى 1983 دا له‌لایه‌ن رژێمى له‌ ناوچوى سه‌دام حسێنى دیكتاتۆره‌وه‌ هاوخه‌میى خۆمتان ئاڕاسته‌ ده‌كه‌م له‌ رێى ئێوه‌شه‌وه‌ هاوخه‌مى خۆم ده‌گه‌یه‌نم به‌ كه‌س و كارو بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كانى ئه‌و هه‌شت هه‌زار بارزانیه‌ نه‌مره‌ كه‌ هێزه‌كانى رژێمى له‌ ناوچو له‌ شاڵاوێكى ره‌شبگیریی دڕندانه‌دا له‌ قوشته‌په‌ به‌ هه‌مان ئسلوبى نازیه‌یه‌كان كۆیانكردنه‌وه‌ و بێسه‌روشوێنان كردن.

ئه‌وه‌ش داخ له‌دڵیى و وه‌حشه‌ت گه‌ریى سه‌رانى ئه‌و رژێمه‌ى ده‌رخست به‌رامبه‌ر رۆڵه‌كانى بارزان و بارزانیه‌كان كه‌ دواتریش هه‌مان ره‌فتاریان له‌ ناوچه‌كانى ترى كوردستان و به‌شه‌كانى ترى عێراق دا له‌ باشور و ناوه‌ڕاست جێبه‌جێكرد تا دواى روخاندنى ئه‌و رژێمه‌ش چاره‌نوسی ئه‌و بارزانیانه‌ دیار نه‌بو . كه‌سوكاره‌كانیشیان له‌وپه‌ڕى ناخۆشیدا ده‌یان گوزه‌راند و مه‌ینه‌تى و نه‌هامه‌تى زۆریان چه‌شت .

هه‌رچه‌نده‌ روفاتى پیرۆزى ده‌یان ئه‌نفالكراوى ئه‌و هه‌شت هه‌زار بارزانییه‌ هێنراونه‌ته‌وه‌ و به‌خاكى پیرۆزى كوردستان سپێردراون به‌ڵام هێشتا هه‌زارانى تر له‌ بێسه‌روشوێنكراوى بارزانیى و ده‌یان هه‌زار ئه‌نفالكراوى ترى ناوچه‌كانى كوردستان وشوێنه‌كانى ترى عێراق له‌ گوڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ماون یان هه‌ر بێسه‌رو شوێنن و دیار نیین كه‌س و كاریان هه‌ر چاوه‌ڕێن به‌ روفاتیان یان به‌هه‌ریادگارییه‌كى تریان شاد ببنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش هه‌موان هان ده‌دات كه‌ كارى زیاتر بكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌نوسیان و كۆتایى هێنان به‌ چاوه‌ڕوانییان .

بیره‌وه‌ریى تراژیدیاى بێ سه‌رو شوێنكردنى هه‌شت هه‌زار بارزانیى سه‌ربارى به‌بیرهێنانه‌وه‌ى تاوانه‌كانى رژێمى دیكتاتۆریى به‌رامبه‌ر به‌رۆڵه‌كانى گه‌له‌كه‌مان فاكته‌رێكیشه‌ بۆ زیاتر پاراستنى یه‌كێتى هێزو ریزه‌كانمان له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا له‌ پێناوى پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لى كوردستان و عێراق به‌تایبه‌تى له‌م بارودۆخه‌دا كه‌ دوژمنه‌كانى گه‌لى كوردستان و دیموكراسیى و فیدراڵیى له‌ عێراق خه‌یاڵیان له‌سه‌ر له‌باربردنى ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتوه‌كانمان بنیات ده‌نێن بۆیه‌ چركردنه‌وه‌ى هه‌وڵ و ته‌قه‌للاكان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سیاسیى و په‌له‌كردن له‌ رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌ش بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتو بۆته‌ ئه‌ركى له‌ پێشینه‌ى هێزه‌ سه‌ره‌كى و دیموكراسییه‌كانى عێراق كه‌ كوردستان له‌و هاوكێشه‌یه‌دا پارسه‌نگێكى گرنگ و یه‌كلایى كه‌ره‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ش گیانى هه‌شت هه‌زار بارزانیه‌كه‌و هه‌مو شه‌هیدانى رێگاى دیموكراسیى له‌ عێراق شادو وسه‌رفرازتر ده‌كات .

دوباره‌ سه‌رى رێزو نه‌وازش بۆ گیانى هه‌شت هه‌زار بارزانیى بێ سه‌رو شوێنكراو و ئه‌نفالكراو وهه‌مو شه‌هیدو قوربانییه‌كانى ترى ده‌ستى رژێمى گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ عێراق.

براى دڵسۆزتان

جه‌لال تاڵه‌بانى

سه‌رۆك كۆمارى عێراق .

Copyright © 2005- Kurdistan Democratic Party 6th branche Europe Contact the webmaster Rashid Botani